دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هەژار ئەحمەدی‌ئازەر، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هەژار ئەحمەدی‌ئازەر، ناسراو بە “هەژار شاماتی” خەڵکی گوندی “ناچیت”ـی سەربە شاری بۆکان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، وێڕای هەڵکوتانە سەر و دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانی خۆی و بنەماڵەکەشیدا گرتووە و هەروەها بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووسی تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان نەداوەتەوە و تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شۆێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.