ئەساسنامەی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

پێشەکی

بەندییە سیاسییەکان لە نێو هەموو گەل و نەتەوەیەکی زۆرلێکراودا بەشێک لە شێلگیرترین تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاری و بەختیاری کۆمەڵگەن. بەندییە سیاسییەکانی کورد بەتایبەتی لە ئێراندا کە دەگەڵ ڕێژیمێکی دژی گەلی بەرەوڕوون زیاتر لە هاوبەندییەکانیان لە نێو گەلانی دیکەدا دەگەڵ ئازار و ئەشکەنجە و مەترسیی گیانی بەرەوڕوو دەبن و هەر بۆیەش پتر جێگای ڕێز، ئەمەگناسی و ئافەرین پێ وتنن. زۆر لە بەندییە سیاسییەکان لە ئێراندا بە ناڕەوا حوکمی ئێعدامیان بە سەردا دەسەپێ، بەڵام بێ ترس لە مردن “بەگژ جەللادەکاندا” دەچنەوە و تا دواهەناسە بە بیروباوەڕی خۆیان و ئامانجی گەلەکەیان وەفادار دەمێننەوە. ئەوانەش کە حوکمی سووکتریان بە سەردا دەسەپێ هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەکی زیندان دەچێژن، دووریی ئازیزان و تەنانەت بەش مەینەتی و بێ بەشیی بنەماڵەکانیشیان بە ورەی شۆڕشگێرانە لەخۆ دەگرن هەر بۆ ئەوەی سەر بۆ دوژمن نەوی نەکەن و حورمەتی خەبات و تێکۆشانیان پێ نەشکێنن. هێندێ جاریش هەڵدەکەوێ کە بەندییە سیاسییەکان ئازایانە زنجیری دیلی دەپسێنن، دەرکی زیندانان دەشکێنن و دەگەرێنەوە نێو کۆڕی خەبات سەر لە نوێ تێ هەڵدەچنەوە. بێ گومان هەموو ئەم کەسانە و بەرخودان و ئازایەتییان شیاوی ڕێز و مایەی شانازین.

بە ڕاشکاوی دەبێ بڵێین بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان بە زۆر هۆ کە بەشێکیان بەدەر لە ئیرادەی ڕێبەرایەتی بزووتنەوەن نەیانتوانیوە بەو جۆرەی پێویستە بە بەندییە سیاسییەکان و بنەماڵە بەرێزەکانیان ڕابگەن و پاداشێکی هەرچەند نیوەچڵ بە فیداکارییەکانیان بدەنەوە. بۆیە هەر وەک هەوڵدانێک بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوەی لە دەست چووەو بۆ پڕکردنەوەی کەلێنێکی وا بەرچاو لە بەجێ گەیاندنی ئەرکی شۆڕشگێرانەی بزووتنەوە، لەسەر داواو دەستپێشخەریی کۆمەڵێک لە بەندییە سیاسییە ڕزگار بووەکان، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێکەوتی ٨ سەرماوەزی ١٣٨٦ بەرانبەر بە ٢٩ی نوامبری ٢٠٠٧ دامەزرا، کە ئەرک و ئامانجەکانی لەم ئەساسنامەیەدا گەڵاڵە کراون.

فەسڵی یەکەم

ناو و پێناسەی ئەنجومەن بریتیین لە:


 بەندی یەکەم

ناو: ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە هەموو جێیەکی ئەم ئەساسنامەیەدا بۆ کورتکردنەوەی بە ئەنجومەن ناودەبرێ.
بەندی دووهەم:

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخراوێکی تایبەت بە بەندکراوانی سیاسیی لە ڕؤژهەڵاتی کوردستانە کە بۆ بەرژەوەندی و دابینکردنی مافەکانی بەندکراوانی سیاسیی تێدەکۆشێت.

ئەنجومەن لە ڕێگای ئیمکاناتی میدیایی خۆیەوە هەوڵی لەقاودانی سیاسەتە پێشێلکارییەکانی ڕێژیم بەرانبەر بە بەندکراوانی سیاسی و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکانی تایبەت بە بەندکراوان دەدات. هەر لەم پێوەندییەدا بە کەڵکوەگرتن لە توانا و نفووزی ڕێکخراوەیی خۆی، ئەنجومەن لە گەیاندنی دەنگ و دۆخی بەندکراوانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کۆڕوکۆمەڵە جیهانییەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ خۆی بە ئەرکدار دەزانێ.

بەندی سێهەم:

شرۆڤەیەک بۆ ئارم(لۆگۆ)ی ئەنجومەن

ئارمی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی بازنەی و سادە و تێکەڵاوێک لە ڕەنگ و هێما کە پێناسەن بۆ خۆڕاگری و بەرخۆدانی بەندکراوانی سیاسیی.

١- ڕەنگی سووری جەرگی؛ پێناسەیە بۆ ئازایەتی و بەرخۆدان وهیوا و ئۆمێد لە هەمانکات دا نیشانەی توندووتیژی و سەرکوتە.

٢- ڕەنگی شینی کاڵ؛ نیشانەی متمانە وئەمەگناسی هەوڵدان و خەباتکردن بۆ ژیان، خۆشگوزەرانی و ئاشتی و ئەمنییەتە.

٣- ڕۆژ؛ هێمایەکە و پێناسەیە بۆ ڕووناکی.

٤- دوو دەستی تێدایە؛کە یەکیان دەستی ژنە و یەکیان دەستی پیاوە، بەو مانایە کە هەردووکیان وەک یەک دەچەوسێنەوە و داوای مافی یەکسان دەکەن.مسەتەکۆڵەش نیشانەیە بۆ بەرەنگار بوونەوە بەرامبەر زووڵم و بێدادی.

٥- دەستبەند؛ نیشانەی گرتن دەسبەسەرکردنە.

٦- میلەکانی زیندان؛ پێناسەیە بۆ بەندیخانە و بەندکردن.

٧- لە لۆگۆکە دا کورتکراوەی ناوی ئەنجومەن بە ئینگلیزی هاتووە     APPEK

بەندی چوارەم:

بەندیی سیاسی کێیە؟ بەندیی سیاسی بەو تێکۆشەرە نیشتمانپەروەرانە دەگوترێ کە بە هۆی تێکۆشانی مەدەنی و سیاسی و هەڵوێستی نەتەوایەتی و بیری دێموکراسی و ئازادی ڕادربڕین و دادپەروەری و یەکسانیخوازی بەشدارییان لە خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کردووە و لە لایەن ڕێژیمی پەهلەوی یان کۆماری ئیسلامییەوە تووشی گیران و حوکم و بەندکران بوون.

فەسڵی دووهەم

بەندی پێنجەم:

ئامانجەکانی ئەنجومەن بریتیین لە:

١- ناساندنی ئامانجی مرۆڤانەی بەندییە سیاسییەکان بە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵەکانی بەرگری لە بەندییە سیاسییەکان و بیروڕای گشتی لە جیهاندا و دروست کردنی پێوەندی لە گەڵ ڕێکخراوەی زیندانییانی سیاسیی گەلانی دیکەی ئێران، بۆ کاری هاوبەش.

٢- گەیاندنی دەنگی بەندییە سیاسییەکان بە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و بیروڕای گشتیی ئێرانی و جیهانی، بە مەبەستی ئازادکردنیان لە بەندیخانە یان پێداچوونەوە بە کەیسەکانیان و کەمکردنەوەی سزاکانیان.

٣- لەقاودان و هەوڵی بنەبڕکردنی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی بەندییە سیاسیەکان لە بەندیخانەکانی ئێراندا.

٤- ئاوردانەوەی ماددی و مەعنەوی بە بەندییە سیاسییەکان و بنەماڵەکانیان بە پێی توانا، وهەر هەوڵێکی دیکە کە خزمەت بە بەرژەوەندیی بەندییە سیاسییەکان یان بنەماڵەکانیان بکا.

فەسڵی سێهەم

بەندی شەشەم:

پێکهاتەی ئەنجومەن بریتییە لە:

١- کۆنفرانسی گشتی ؛ دوو ساڵ جارێک پێک دێ، دوای تاوتوێ کردنی کار و چالاکیەکانی دەورەی پێشوو، کۆمیتەی بەرێوبەریی ئەنجومەن، بریاری پێویست دەدا و ئەگەر پێویست بکا دەستکاری پێڕەو دەکا و کۆمیتەی بەڕێوبەریی نوێ هەڵدەبژێرێ کە لە پێنج کەس ئەندامی ئەسلی بەڕێوەبەری و سێ ئەندامی جێگری بەڕێوەبەری پێک دێن.

٢- کۆنفرانسی نائاسایی؛ لە هەل و مەرجی تایبەتیدا و بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە توانای کۆمیتەی بەڕێوبەریدا نییە، پێک دێ و بڕیارەکان و پەسندکراوەکانی حوکمی کۆنفرانسی گشتیی هەیە.

٣- کۆمیتەی بەرێوبەری دوای بەڕێوەچوونی کۆنفرانس، لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیدا بەرپرسی ئەنجومەن هەڵدەبژێرێ. کۆمیتەی بەڕێوبەری مانگێ جارێک بەئامادەبوونی بەرپرسی ئەنجومەن کۆ دەبێتەوە، بەرپرسی ئەنجومەن لە بەرانبەر دەستەی بەرێوبەریدا بەرپرسیارە.

٤- دەستەی کارگێڕی لە بەرپرسی ئەنجومەن و دوو کەس لە ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری بە پەسندی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پێک دێت.  حەوتووی جارێک کۆ دەبێتەوە و لە بەرانبەر کۆمیتەی بەرێوەبەریدا بەرپرسیارە.

تێبینی:

ئەلف. کۆنفرانسی نائاسایی لەسەر داوای دوو لە سەر سێی کۆمیتەی بەرێوەبەری یان دوو لە سەر سێی ئەندامانی ئەسڵی ئەنجومەن،پێک دێت.

ب. بۆ گرتنی کۆنفرانسی نائاسایی، دەبێ دوو لە سەر سێی ئەندامانی کۆنفرانسی پێشوو ئامادە بن.

ج. بە پێی ئائیننامەی تایبەت کارەکانی ئەنجومەن لە نێو ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەریدا دابەش دەبێ و لەسەر پێشنیاری بەرپرسی ئەنجومەن و موافقەتی گشتیی ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکێک لە ئەندامانی بەڕیوەبەری وەک جێگر هەڵبژێرێ.

د.کۆمیتەی بەرێوبەری دەتوانێ بە زۆرینەی دەنگ، سێ کەس لە ئەندامانی ئەنجومەن لە کوردستان و دەرەوەی وڵات بە پێی پێویست وەک ڕاوێژکار هەڵبژێرێ.

فەسڵی چوارەم

بەندی حەوتەم:

١- وەرگرتنی ئەندام:

هەموو گیراو یان بەندکراوێکی سیاسی دەتوانێ ببێتە ئەندامی ئەنجومەن، بەومەرجەی؛

ئا. کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتوانی غەیرەکوردی دانیشتووی کوردستان یان ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بێ و لەسەر خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە لایەن رێژیمەوە دەسبەسەر و زیندانی کرابێ.

ب. باوەڕی بە ئامانجەکانی ئەنجومەن هەبێ.

ج. بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانی ئەنجومەن تێبکۆشێ.

د. لانیکەم شەش مانگی زیندانی کێشابێ یان لە دادگاکانی ڕێژیم حوکم درابێ.

ه. حەقی ئەندامەتی بدا.

٢ ـ شێوەی وەرگرتنی ئەندام:

هەر کەسێک خوازیاری ئەندامەتی ئەنجومەن بێ، پێویستە:

ئەلف. دوو ئەندامی ئەنجومەن ناسێنەری بن.

ب. بەڵگەی زیندانی بوون یان حوکمی دادگاکانی ڕێژیمی هەبێ، یان دوو کەسی جێگای باوەڕی ئەنجومەن ناسێنەری بن.

ج. هەرکات دەرکەوت بەڵگە یان ئیددیعاکانی هەرکام لە ئەندامەکانی ئەنجومەن دوورە لە ڕاستی، ئەنجومەن مافی ئەندامەتیی لێ وەردەگرێتەوە.

د. لە سەر پێشنیاری کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەن، ئەو کەسانەی کە خۆبەخشانە و بەهەست بە بەرپرسایەتی کردن لە بەرانبەر بەندییە سیاسییەکان و بنەماڵەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو یارمەتییان دەدەن و پتر لەوەش بۆ دەربازکردنیان لە بەندیخانە فیداکاری دەکەن،وەکوو ڕێزێک بۆ هەوڵ و فیداکاریەکانیان، ئەندامەتی فەخریی ئەنجومەنیان پێ دەبەخشرێ.

فەسڵی پێنجەم

بەندی هەشتەم:

ئەرکە بنەڕەتیەکانی ئەنجومەن کە لە ڕێگەی ئەندامەکانیەوە جێبەجێ دەکرێن بریتیین لە:

١- کۆکردنەوە و تۆماری ناوی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو تۆمەتانەی لێیان دراوە، ماوەی حوکمەکەیان و ماوەی بەندکردنیان، شوێن و ڕۆژی گیرانیان، ئەو بەندیخانەیەی کە تێیدا راگیراون و هەر زانیارییەکی بە سوود لە بارەی ئەو بندییانەوە.

٢- ئاگاداری لە دۆخی لەشساغیی بەندییەکان و چۆنیەتی پێڕاگەییشتنیان لە بواری دەرمانی و خۆراکی و بە گشتی پێداویستییەکانیان.

٣- هەبوونی زانیاری لەسەر دۆخی بنەماڵەیی بەندییەکان وەکوو سەڵتی و خێزانداری، ژمارە و تەمەنی منداڵەکانییان، وەزعی گوزەران و ڕادەی داهاتی بنەماڵەکان و ناسینی خزمانی نیزیکیان و هەر زانیارییەکی بە سوودی دیکە.

٤- کۆکردنەوەی یارمەتی لە دڵسۆزانی بزووتنەوەی کورد و ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان بە مەبەستی یارمەتی بە ژیان و گوزەرانی بەندییەکان و بنەماڵەی ئەو بەندییانەی سەرچاوەیەکی داهاتی ئەوتۆیان نییە، هەروەها دیاری کردنی پارێزەر بۆ بەندییەکان لەو جێگایانەی دەرفەتی هەبوونی پارێزەر بۆ بەندییە سیاسیەکان هەیە، بە پێی ڕێوشوێن و یاسا بەرکارەکان.

٥- بەسەرکردنەوەو پەیام ناردن بۆ بەندییە سیاسییەکان و بنەماڵەکانیان لە بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەییەکاندا.

٦- پێکهێنانی کۆبوونەوەو سیمینار بە مەبەستی زیاتر ناساندنی بەندییە سیاسییەکان و ئامانجە پیرۆزەکانیان بە بیروڕای گشتی و راکێشانی سەرنج و پشتیوانیی ئەوان بۆلای چارەنووسی ئەو تێکۆشەرانە.

فەسڵی شەشەم

داهاتی ئەنجومەن:

بەندی نۆهەم: داهاتی ئەنجومەن لەو سەرچاوانەی خوارەوە دابین دەکرێ.

١ـ حەقی ئەندامەتیی ئەندامان

٢- یارمەتیی دڵسۆزانی بزووتنەوەی کورد، ڕێکخراوە و مروڤە خێرخوازەکان بە پێی یاسا کارپێکراوەکان.

٣ـ داهاتی بنکە و بنیاد و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن.

فەسڵی حەوتەم

بەندی دەهەم:

کۆمیتەکانی دەروەی وڵاتی ئەنجومەن.

زەرووتی کار و چالاکیەکانی ئەنجومەن لە دەرەوەی وڵات، بۆ پێوەندی گرتن لە گەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و گەیاندنی دەنگی بەندکراوانی سیاسیی کورد بەو ناوەندانە، دەخوازێ لقێک وەکوو نوێنەرایەتیی ئەنجومەن سەرپەرستیی کاروچالاکیەکانی دەرەوەی وڵات بکا. بۆ ئەو مەبەستە؛

١- یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەن لە دەرەوی وڵات، لە سەر پێشنیار و پەسندی کۆمیتەی بەڕێوەبەری وەکوو نوێنەری ئەنجومەن لە دەرەوەی وڵات دیاری دەکرێ.

٢- لەهەرکام لەو وڵاتانە کە بەندییە سیاسییەکانی لێ نیشتەجێن ئەگەر ڕێژەیان گەییشتە ئاستی پێویست، دەکرێ کۆمیتەیێک پێک بێنن و کار و چالاکیەکانی خۆیان بەڕێوە ببەن.

٣- چالاکییەکانی ئەنجومەن لە دەرەوەی وڵات، بە هاوئاهەنگی لە گەڵ بنکەی سەرەکیی ئەنجومەن لە کوردستان بەڕێوە دەچێ.

ئەم ئەساسنامەیە دوای پێداچوونەوە لە لایەن کۆنفرانسی چوارەمەوە ، لە پێشەکیەک، حەوت فەسڵ و دە بەند و پێنج تێبینی پەسەند کراوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*