دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵكی شنۆ لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ڕەسووڵ ئاسن، هاووڵاتیی خەڵكی شنۆ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ڕەسووڵ ئاسن، هاووڵاتیی خەڵكی شاری شنۆ، لەلایەن هێزە چەکدارە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ناوبراو و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ و تائێستا سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.