
رۆژی سێ شەممە، رێکەوتی ٢٧/٠٥/٢٠٢٥ ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە زیندانییانی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان دانیشتوویی نۆروێژ کۆبوونەوەیەکی بە شێوەی ئۆنڵاین پێکهێنا.
لەم کۆبوونەوەیە دا هاورێیان سەلاح خزرپوور، بەرپرسی ئەنجومەن و حەسەن حاتەمی، وتەبێژی ئەنجومەن لە دەرەوەی وڵات بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بوون.
سەرەتایی کۆبوونەوە بە ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. دواتر هاورێ خوسرەو قادری، باسێکی کورت سەبارەت بە پێکهێنانی ئەم کۆبوونەوەیەی هێنا بەرباس.
دواتر بەرێز سەلاح خزرپوور، بەرپرسی ئەنجومەن، وێرای ئاماژە بە کۆچی دوایی هاورێی تێکۆشەر کاک عەلی بایزیدی ناسراو بە عەلی جۆڵا، زیندانی سیاسی پێشوو و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ناوی سەرجەم زیندانییانی بەشداربوویی ئەم کۆبوونەوەیە یادی شەهید عەلی جۆڵای بەرز نرخاند و هاوخەمی دەگەڵ بنەماڵەکەیان دەربڕی
پاشان هاورێ سەلاح، باسێکی گشتی لە سەر هەوڵ و تێکۆشانی زیندانییانی سیاسی لە کوردستان بۆ دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنە لە ساڵی ٢٠٠٧ پێشکەش کرد. هەروەها لە درێژەی باسەکەی ئیشارەی بە ئامانجەکان و کاروچالاکییەکانی ئەنجومەن سەبارەت بە کۆکردنەوەی لیستی زیندانیانی سیاسی رۆژهەڵات کوردستان بە شێوەی رۆژانە و مانگانە و هەروەها حوکمدراوان لە بێدادگاکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی و ئێعدام کراوان و تەنانەت تێرۆرەکانی دەستی ئەم رێژیمە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا بەرێز خزرپوور ئاماژەی بە چالاکییەکانی ئەنجومەن لە بواری مێدیایی وەک دوو بەرنامەی تەلەویزیۆنی بە ناوی ” ورە” و ” بەند و ورە” و هەروەها چاپی دوو کتێبی تایبەت بە ژیان و بەسەرهاتی زیندانییانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی ” دیرۆکی خۆراگری و زیندانبەزێنەکانی ئێمە لە دیرۆکی خۆڕاگری دا” کرد.
لە کۆتایی قسەکانی دا پڕژایە سەر بەناوکردنی رۆژی زیندانیانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەم رۆژە ١٢ی جۆزەردان، رۆژی ئێعدامی بە کۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهاباد، لە لایەن زۆربەی حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رۆژی زیندانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی ناودێر کراوە و پێویستە هەمو ساڵێ لەم رۆژە دا یاد و بیرەوەری شەهیدانی زیندان و زیندانیانی سیاسی بەرز رابگیرێ.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوە دا بەرێز حەسەن حاتەمی، وتەبێژی ئەنجومەن، کورتە راپۆرتێکی لە چالاکییەکانی ئەم ئەنجومەنە لە دەرەوەی وڵات پێشکەش کرد و ئاماژەی بە کاریگەری ئەم ئەنجومەنە و زیندانییانی سیاسی پێشوو کە ئێستا لە وڵاتانی پێشکەوتوو و ئازاد دا دەژین کرد و رۆڵی ئەوانی بەرز نرخاند بۆ لەقاودانی پێشێلکارییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە زیندانەکان و بێدادگاییەکانی رێژیم کە بۆ وێنە ئاماژەی بە دادگای جینایەتکار حەمید نوری لە دادگای ستۆکهۆڵم کرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا بەرێز حاتەمی گرینگی بە دامەزرانی کۆمیتەکانی ئەنجومەن لە وڵاتانی ئازاد و دێموکراتی دەرەوە دا کە زیندانییانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان لێی نیشتەجێن.
لە بەشی دووهەمی کۆبوونەوەکە دا بەشداران پرسیار و تێبینی و پێشنیارەکانی خۆیان باس کرد کە دواتر لە لایەن بەرێزان سەلاح خزرپوور و حەسەن حاتەمی وڵامی پێویستیان پێدراوە.
لە کۆتایی دا بە پێویستی دەزانی سپاسی کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە نۆروێژ بکەین بۆ هاوکاریان لە پێکهێنانی ئەم کۆبوونەوەیەدا.”