مامۆستایەکی ئایینیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: مەلامحەممەد شەریفی، مامۆستای ئایینیی خەڵکی بۆکان، دوای نزیکەی ١مانگ و نیو دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی قورس لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، مەلامحەممەد شەریفی، مامۆستای ئایینی خەڵکی شاری بۆکان کە ١مانگ و ٢٦ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆمار ئیسلامییەوە لە بۆکان دەسبەسەر کراو و دواتر گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٣ملیارد تمەن و بە شێوەی کاتیی لەو بەندیخانەیە ئازاد کرا.

ئەو مامۆستا ئایینییە ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی خەرمانانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە هۆی واژۆکردنی بەیاننامەیەک بۆ پشتیوانی لە “شۆڕشی ژینا”، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراو و پاش لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ و هەروەها تا کۆبوونەوەی دادگاییکردنی بەڕێوە نەچووە.