دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سەباح ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و گوازراوەتە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، سەباح ئەحمەدی، تەمەن ٢٩ ساڵانی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن ژمارەیەک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کارەکەی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی سەباح ئەحمەدی لە بەردەستدا نییەوە و بنەماڵەکەشی بەردەوام خەریکی بەدواداچوونن بۆ دۆزینەوەی سەرەداوێک کە بزانن کوڕەکەیان بۆچی دەسبەسەر کراوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش هیچ وڵامێکیان نەداونەتەوە.