هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ئیلام تەقەیان لە لاوێک کرد و پاشان دەسبەسەریان کردووە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی پارێزگای ئیلام بەناوی “مێهراب کووشا” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بریندار کراوە و دواتر دەسبەسەر و ڕفێندراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، مێهراب کووشا تەمەن ٢٧ ساڵانی خەڵکی شاری “کارزان”ـی سەربە پارێزگای ئیلام، پاش تەقەکردنی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، بە سەختی بریندار کراوە و بەو حاڵەشەوە دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە کە ئێستا گیانی ناوبراو لە مەترسیدایە و ئەوەش نیگەرانیی زۆری لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.

مێهراب کووشا، لە یەکێک لە ڕێگاکانی شاری کارزان، هێزە چەکدارەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی تەقەیان لێ کردووە و فیشەک بەر ڕانی کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە و سەرەڕای ئەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

جێی ئاماژەیە کە، بنەماڵەی ناوبراو پاش ئەو دۆخە بەردەوام خەریکی بەدواداچوونن بۆ ئەوەی لە دۆخی تەندروستی کوڕەکەیان ئاگادار بن کەچی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان نەداونەتەوە و هەوڵەکانیان بێئاکام ماوەتەوە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تەقەکردن لێی و چارەنووسی لە بردەستدا نییە و ناشزانرێ دۆخی تەندروستی مێهراب چۆنە.