چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی سەقز بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سەقز کە پێشتر سزای ١٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سەقز، پاش ئەوەیکە لەلایەن لقی ٢ی جێبەجێکاریی تاوانەکانی دادگای گشتی و ئینقلابی ڕێژیمەوە لە سەقز بانگ کراوە، هەر لەوێ دەسبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی ناسراوی کرێکاریی خەڵکی شاری سەقز، لە سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتیی قازی “مستەفایی”، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٣١ مانگ و ١۵ڕۆژ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیم لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ژینا ئەمینی، سزای ٧ مانگ و ١۵ڕۆژ بەندکردن و هەروەها بە کۆی گشتی ٣٩ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

شایانی باسە کە، ئەو چالاکی کرێکارییە ڕۆژی شەممە، ١٠ی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو، دوای ئەوەیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە سەقز دەسبەسەر کرا، بۆ گرتنگەی ئەو ناوەندە لە شاری سنە گوازرایەوە و دواتر ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی بانەمەڕی هەمان‌ساڵ، بە دانانی بارمتەی ١٤٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا، هەروەها عوسمان ئیسماعیلی، یەکێک لە چالاکانی کرێکاریی ناسراوانی خەڵکی شاری سەقزە کە لە ساڵانی ڕابردوودشا چەندین‌جار لەلایەن هێز و ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بانگ یان دەسبەسەر کراوە.