سنە؛ چارەنووسی پوویا حەبیبی، چالاکوانی ژینگەپارێز، دوای زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ دەستبەسەرکران نادیارە

بەپێی هەواڵی ژووری هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سایتی خۆڕاگری؛ زیاتر لە بیست ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی پوویا حەبیبی، چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم تێدەپەڕێت و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لە بەردەستدا نییە.

پوویا حەبیبی، کە یەکێکە لە چالاکوانە ناسراوەکانی بواری ژینگە لە پارێزگای سنە، بەبێ بوونی هیچ فەرمانێکی دادوەری و بە شێوەیەکی ناڕوون لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

دەستبەسەرکردنی چالاکوانانی مەدەنی و ژینگەپارێز لە شارەکانی کوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و زۆرجار ئەم کەسانە بۆ ماوەیەکی درێژ لە دۆخێکی نادیاردا و بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێن، لە گرتووخانەکاندا ڕادەگیرێن.