ناڕوونی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی بانە پاش دە ڕۆژ

خۆڕاگری: مستەفا قەوسی و محەممەد ڕەشیدزادە، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی بانە ماوەی ١٠ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی، ژووری هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: مستەفا قەوسی و محەممەد ڕەشیدزادە، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری بانە ماوەی دە ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم لە شاری ورمێ.

 ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژیچوارشەممە، ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، لە سەر ڕێگای پیرانشار بۆ مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە گوازراونەتەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە ورمێ و هەروەها سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ڕۆژ بەسەر دەسبەسەربوونیاندا، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتی وەپاڵدراو و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.