بەردەوامیی مانگرتنی کەسایەتیی ئایینیی بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ورمێ

خۆڕاگری: مامۆستای محەممەد خزرنژاد، کەسایەتیی ئایینیی خەڵکی بۆکان و بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ، نزیکەی ١٥ڕۆژە لە بەندیخانەی ورمێ مانی لە خواردن گرتووە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر دۆخی تەندروستی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، ڕایگەیاند: ئەو بەندکراوە سیاسییە یەکێکە لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا کە لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٢٥ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و ناوبراویش بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین ماوەی ١٣ڕۆژە لە بەندیخانەی ناوەندی شاری ورمێ مانی لە خواردن گرتووە و بەوهۆیەوە دۆخی تەندرستی ناجێگیرە.

ناوبراو لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ورمێ، سزای لەسێدارەدان و ١٦ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر سزای لەسێدارەدانەکەی لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی کەمکرایەوە بۆ ٢٥ساڵ بەندکردن و لە ئێستادا لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بەند کراوە و لە مافە سەرەتاییەکانیشی بێبەری کراوە.

خۆڕاگری لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاند: مامۆستا محەممەد خزرنژاد، پاش ئەوەیکە لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئەو سزایانەی پێ ڕاگەیەندرا، نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە دادگایەکی دادپەروەرد ئەو سزایانەی دەرنەکردووە و دەرفەتی بەرگریکردنیان پێ‌نەداوە، بۆیە ماوەی ١٤ڕۆژە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین مانی لە خواردن گرتووە و بەوهۆیەوە دۆخی تەندروستی لە مەترسیدایەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و بەرپرسانی بەندیخانەش سەبارەت بە دۆخی نالەباری ئەو بەندکراوە ئایینییە بێدەنگن و هیچ وڵامێکیان نەداوەتەوە.