هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: سادق مەحموودنەژاد، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی گەندی “جەڕان”ـی سەربە پیرانشار و یەکێک لە بریندارانی شۆڕشی ژینا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، سادق مەحموودنەژاد، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار و یەکێک لە خۆپیشاندەرانی ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە چاوێکی بە سەختی بریندار بوو بە دانانی بارمتەی قورس بەبڕی چوار میلیارد تمەن و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
سادق مەحموودنەژاد، لەماوەی دەسبەسەربوونیدا لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، لە دەستپێڕاگەیشتنی بە پارێزەر بێبەشکرابوو و پاش کۆتایی هاتنی قۆناغ لێکۆڵینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پیرانشار گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی شاری نەغەدە.