دەسبەسەرکردنی خوێندکارێکی خەڵکی جوانڕۆ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی

خۆڕاگری: سەید تاریق حوسێنی، خوێندکاری زانستی ئایینی و فەقێی خەڵکی جوانڕۆ کە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، سەید تاریق حوسێنی، چالاکی ئایینی و خوێندکاری خەڵکی شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ بەندکرانەکەی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان گواسترایەوە.
ئەو هاووڵاتییە لە ناوەڕاستی مانگی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوییەوە لەلایەن لقی ٤ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە کرماشان بە تۆمەتی چالاکی تەبلیغی دژبە نیزامی کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ لایەنە دژبەرەکانی ئەو نیزامە، سزای ٣ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا و ناوبراو لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕفێندرا و بۆ ماوەیەک لە گرتنگەی ئەو ناوەندە لە کرماشان لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی لێ کراوە.