خۆڕاگری: ئارەش شەریفی، خەڵکی گوندی تەنگیسەری سەربە شاری سنە و دانیشتووی مەریوان، پاش تێپەڕبوونی ٣٨ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی لەلایەن رێژیمەوە، تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.
ڕۆژی شەممە، ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”، سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ و حەوت ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی ئارەش شەریفی، خەڵکی گوندی تەنگیسەر و دانیشتووی مەریوان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدانییە و لەماوەی دەسبەسەرکرانییەوە تائێستا، ناوبراو هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەگرتووە و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەریبووە.
هێزە سەرکوتەکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە مەریوان، ٣٧رۆژ لەمەوبەر لە شاری مەریوان هەڵیانکوتایە سەر شوێنی کاری ئارەس شەریفی و لەوێ دەسبەسەریان کرد و دەستیان بەسەر مۆبایل و کەلوپەلەکەشیدا گرت و هەروەها لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.