دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز پاش بانگکردنی لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ڕەحمان مەحموودنژاد، هاووڵاتییە خەڵکی سەقز لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە سنە بانگ کراوە و پاشان هەر لەوێ دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ڕەحمان مەحموودنژاد، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “شیوەتوو”ـی سەربە شاری سەقز، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە شاری سنە بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و دواتر لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفوونیدا بنەماڵەکەی ئاگادار کردۆتەوە کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە دەسبەسەرە.

پاش ئاگاداربوونی بنەماڵەکەی لە دەسبەسەربوونی کوڕەکەیان هەوڵ و بەدواداچوونێکی زۆریان کرد بەڵام لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بێ وڵام مایەوە و تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، بانگکردن و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.