خۆڕاگری: ئەحمەد حەسەنزادە، باوکی یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا و هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٣مانگ بەندکردن، ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەحمەد حەسەنزادە، هاووڵاتیی تەمەن ٥٧ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان باوکی محەممەد حەسەنزادە، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٣مانگ بەندکردن کە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندراوە، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.
ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیمی ئێران لە بۆکان بە سەرۆکایەتی قازی “مێهدی فەخری” بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی کۆماری ئیسلامی و هاندانی خەڵک بۆ مانگرتنی گشتی بەدژی ڕێژیم، سزای ٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵ هاوکات لەگەڵ دووهەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی و شۆڕشی سەرانسەریی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شاری بۆکان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و دوای دوو ڕۆژ ڕاگیران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی ئازاد کرا.