هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی جوانڕۆ بەشێوەی کاتی ئازاد کرا

خۆڕاگری: یاسر نووری، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری جوانڕۆ، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە کرماشان، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، یاسر نووری چالاکی ژینگەپارێزی، تەمەن ٣٢ساڵی خەڵکی جوانرۆ، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری کرماشان، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی ئازاد کراوە کە بەشێوەی دڕەندانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەر کرابوو و بە تەواوی ماڵەکەشیان پشکنیبوو.

شایانی باسە کە، یاسر نووری یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێز و کەسێکی خۆشناو و جێی متمانەی خەڵکی شاری جوانڕۆیە کە دوای دەسبەرکردنی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، هەڕەشە لە بنەماڵەکەی کرابوو نابێ بە هیچ شێوەیەک هەواڵی دەسبەسەرکردنی ناوبرا بە میدیایی بکەن.