سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر مامۆستایەکی ئاییینی خەڵكی سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: مامۆستا سابیر خودامورادی، پێشنوێژی مزگەوتێکی سەقز لەلایەن دەزگای ڕێژیمی ئێرانەوە، سزای ١ساڵ و ١٠مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، مامۆستا سابیر خودامورادی، پێشنوێژی گەرەكی “قەوەخ”ـی شاری سەقز لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینیی ڕێژیم لە هەمەدان بانگ کراوە و سزای یەکساڵ و دەمانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێنراوە.

هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری سەپاندنی ئەو سزایە لە بەردەستدا نییە و تائێستا دیار نییە بە چ تۆمەتێک سزای بەندکردن بەسەر ناوبراودا سەپێندراوە و هەروەها لە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هەمان دادگای ڕێژیم لە هەمەدان بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیم و پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ژینا، سزای ١٥مانگ بەندکردن و ٧٢زەربە قامچیی بەسەردا سەپێندرا.