دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە بەناوەکانی “خەلیل ئەسغەری و پووریا حوسێنی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، خەلیل ئەسغەری و پووریا حوسێنی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامی بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی ئەو دوو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.