خۆڕاگری؛ لە بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لەلایەن ڕێژیمەوە، لە شاری سونقوڕ و ئیلام نزیکەی ٢٠کەس دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٦ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لە ڕۆژانی ١٣ تا ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٣ و ٤ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان و چالاکانی مەدەنی لە شارەکانی ئیلام، سەربڵە و سونقوڕ بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، محەممەدحوسێن مورادی، خەڵکی ئاسمانئاواـی سەر بە شاری سەراوڵە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بافرانبار، “محەممەدئەمین مەحموودیان”ـی تەمەن ١٨ ساڵان و خەڵکی سەراوڵە و ئەبولفەزل پوورڕەزایی، تەمەن ١٨ ساڵانی خەڵکی ئیلام دەسبەسەر کران و هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانبار، ئەمیرحوسێن تەعمیرکاری، خەڵکی ئیلامی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
لە لایەکی دیکەوە، لە شاری سونقوڕی سەر بە پارێزگای کرماشان، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانبار، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان دەست پێ کرد و زانیارییەکیان باس دەسبەسەرکردنی دەیان کەس لەو شارە دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، کیومەرس واعێزی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و مامۆستای خەڵکی سونقوڕ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و “محەممەدحوسێن واعێزی”ـی کوڕیشی لەنێو دەسبەسەرکراوەکاندایە وێڕای ئەمانە، ناسنامەی ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوانی دیکەی شاری سونقوڕ بەم شێوەیە ئاشکرا کراوە: ئەمیر فەرهادی، مەهدی باقری، بەهار ڕەفیعی، یاسین حیشمەتیان، فائزە شەمایلی، عەلیڕەزا عەبدی و عەلی سەیفووری.
جێگای ئاماژەیە کە لە ڕەوتی ئەم دەسبەسەرکردندانەدا، “عەسەل بەگەوەند”، خەڵکی سونقوڕ بریندار بووە و لەگەڵ دەسبەسەرکراوانی دیکەدا گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر بارودۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.
سەرجەم ئە هاووڵاتییانە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەستبەسەر کراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان بڵاو نەکراوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەکانیان.
