
خۆڕاگری: باپیر بەرزە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار پاش کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، باپیر بەرزە، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی گوندی “چیانە”ـی سەربە شاری پیرانشار پاش تەوابوونی ماوەی سزاکەی کە یەکساڵ بەندکردن بووە، لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کراوە.
ناوبراو ڕۆژی ٢٣ی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن لقی ١ی دادگای گشتی و ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە پیرانشار، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا و کە پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە مەهاباد بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سزای٣ساڵ بەندکردنی تەعزیری بەسەردا سەپێندرابوو.
شایانی باسە کە، باپیر بەرزە لە مانگی بانەمەڕی هەمانساڵدا، لەلایەن لقی ١٠٢ دادگای ڕێژیمەوە لە پیرانشار بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای یەکساڵ بەندکردنی تەعزیری بەسەردا سەپێندرا و هەروەها پێشتر لە ڕۆژی ۱ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک کە هەڵیانکوتابووە سەر ماڵەکەیان، بەشێوەی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کرابوو و لەماوەی دەسبەسەربوونیدا لەمافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو.