
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕاپۆرتێک لەسەر بێسەروشوێنکردنی عوسمان مامە، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی بۆکان بڵاو دەکاتەوە کە ماوەی زیاتر لە ٢ساڵ و ١٠مانگە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە زۆرەملی بێسەروشوێن کراوە.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکی تایبەت بە بێسەروشوێنکردنی عوسمان مامە، لەلایەن ڕێژیمەوە، ڕایگەیاند: عوسمان مامە هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شاری بۆکان زیاتر لە ١٠٣٠ڕۆژە لەلایەن ناوەندە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەلەشی بێائاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بەو بنەماڵەیە نەداوە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیان.
عوسمان مامە یەکێک لەو کەسانەیە کە ڕۆژی هەینی ٢٧ی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”ـدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و ڕفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار و بنەماڵەکەی سەرەڕای چەندین جار بەدواداچوون و سەردانیكردنی ناوەندە سەرکوتکەر و قەزاییەكانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هیچ وڵامێکیان سەبارەت بە دۆخی ناوبراو وەرنەگرتووە و تا ئێستا یەک پەیوەندیی تەلەفۆنیشی لەگەڵ بنەماڵەكەیدا نەبووە و لە دوای ڕفاندنەکەیەوە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ناوبراو نەبووە و هەروەها بێسەروشوێنکردنی ناوبراو لەلایەن ڕێژیمەوە، بە تاوانی دژبە مرۆڤایەتی دادەنرێت وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی سیاسی و دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا بەکاردەهێنرێت.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە؛ شەهێن عەبدولقادری، هاوسەری عوسمان مامە، له کاتی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” له ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، بە تەقەی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران به سەختی لە سەر و ڕووخساریدا بریندار بووه و تا ئێستاش زیاتر لە ٣٠٠چامە لەسەر ڕوخساریدایە و بنەماڵەی مامە نەک تەنیا لەگەڵ نەبوونی عوسمان مامە، بەڵکوو لەگەڵ برینی جەستەیی و دەروونیی کە لە ئاکامی سەرکوتەكانی ڕێژیمی ئێرانەوە دروست بووە، ململانێ دەکەن و هەروەها ڕاپۆرتی تایبەتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” جارێکی دیکە پەردە لەسەر پێشێکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ لەژێر دەسەڵاتی خامنەییدا لە ئێران و کوردستان لادەدات.