سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر مامۆستای حوسێن عەلی‌مورادی لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: مامۆستا حوسێن عەلی‌مورادی، پێشنوێژی مزگەوتی ئیبراهیم خەلیل‌ئەڵڵای سنە، لەلایەن دادگای تایبەت بە ڕوحانییەتی ڕێژیمەوە لە هەمەدان سزای ١٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی سێشەممە، ٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، مامۆستا حوسێن عەلی‌مورادی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی زانستی دینی و لەبەرکردنی قورئان و پێشنوێژی مزگەوتی “ئیبراهیم خەلیل‌ئەڵڵا”ـی شاری سنە، لەلایەن دادگای تایبەت بە ڕوحانییەتی کۆماری ئیسلامییەوە لە هەمەدان، بەتۆمەتی هاندانی خەڵک و تەبلیغکردن بەدژی نیزامی حکوومەتی ڕێژیمی ئێران، سزای ١٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ١ی سەرماوەزی ئەمساڵ لەلایەن دادگای تایبەت بە ڕوحانییەتی ڕێژیم لە هەمەدان بانگ کراوە و پێشتریش لەلایەن هەمان دادگا سزای ٢ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندراوە.