دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی پارێزگای کرماشان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئەمیرحوسێن حەقجوویان، هاووڵاتیی خەڵکی پارێزگای کرماشان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەرکرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەمیرحوسێن حەقجوویان، هاووڵاتیی خەڵکی شاری “سەحنە”ـی سەربە پارێزگای کرماشان و کوڕەخاڵی “ڕەزا ڕەسایی” یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو لە پاش دەسبەسەرکردنییەوە لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروستە لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەروەها هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.