ڕۆژنامەنووسێکی خەڵکی ئاودانان لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: مستەفا نێعمەتی، ڕۆژنامەنووس خەڵکی ئاودانان لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای ٥ ساڵ و ٤ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی سێشەممە، ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: مستەفا نێعمەتی، ڕۆژنامەنووس و ئابووری ناسی خەڵکی شاری “ئاودانان”ـی سەربە پارێزگای ئیلام، لەلایەن دادگای تاوانەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە تاران بەتۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حکوومەت، سزای ٨مانگ بەندکردن و بەتۆمەتی بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی کۆماری ئیسلامی، سزای ٤٠ مانگ بەندکردن و بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان، سزای ١٦ مانگ بەندکردن و ١٥ ملیۆن پێبژاردنی پارە و هەروەها بە گشتی سزای ٦٤مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی لەلایەن لقی ١ی بەڕێوەبردنی سزاکانی دادگای گشتی و ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە تاران بانگ کراوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین.