دەسبەسەرکردنی مامۆستایەکی زمانی کورددی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیموە

خۆڕاگری: سووسەن حەسەنزادە، چالاکوانی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی بۆکان، نزیکەی پێنج ڕۆژە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، سووسەن حەسەنزادە، خانمە چالاکوانی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.

مامۆستا سووسەن حەسەنزادە، پاش دەسبەسەر کردنی گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە و ئەوە بووەتە هۆی نیگەرانی ئەو بنەماڵەیە.