کۆماری ئیسلامی بۆ دووهەمینجار سزای سێدارەی بەسەر بەندکراوێکی کورددا سەپاند

خۆڕاگری:  حاتەم ئۆزدەمیر، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی “ئاگری”ـی باکووری کوردستان، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەکەی، جارێکی دیکە لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زینداییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حاتەم ئۆزدەمیر بەندکراوی خەڵکی شاری “ئاگری”ـی باکووری کوردستان، لەلایەن لەقی ٣ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانە لە ورمێ بە سەرۆکایەتیی قازی “ڕەزا نەجەفزادە” بەتۆمەتی “موحاربە”، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا و ئەمڕۆ بەشێوەی فەرمی لە بەندیخانەی ورمێ بە ناوبراو ڕاگەیاندا.

پێشتر سزای سێدارەی ناوبراو لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و بۆ لقی هاوتەریبی خۆی لە ورمێ نێردرابوو و هەروەها لە کاتێکدا کە نزیکەی ٣ساڵ لە دەسبەسەرکردنی تێپەڕببو، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری خۆی، بەتۆمەتی “بەغی” لە ڕێگەی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای لەسێدارەدان و ٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

جێی ئاماژەیە کە، حاتەم ئوزدەمیر ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی،  لە تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لەگەڵ هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە ناوچەی “بۆرالان”ـی شاری ماکۆ بریندار بووە بە بێهۆشی بە دیل گیراوە.