ناڕوونی چارەنووسی ژنێکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان پاش حەفتەیەک دەسبەسەربوون

خۆڕاگری: ژنێکی خەڵکی بۆکان بەناوی “مەنیژە خۆشنوود” ماوەیە یەک حەفتەیە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک حەفتە لە دەسبەسەرکردنی مەنیژە خۆشنوود، هاووڵاتیی تەمەن ٥٦ ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە، تا ئێستا چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیشی نادیارە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ناوبراو و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و هاوکات ماڵەکەشیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکەشیدا گرتووە و هەروەها لەو کاتەوە کە زیاتر لە حەفتەیەک تێدەپەڕێ هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

شایانی باسە کە، هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەی خۆشنوود بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی مەنیژە خۆشنوود تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم وڵامی ئەو بنەماڵەیان نەداوەتەوە.