بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئێڤین مانی لە خواردن گرت

خۆڕاگری: موتەلیب ئەحمەدیان، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی بانە کە ماوەی ١٥ساڵە لە بەندیخانە دایە، بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین مانی لە خواردن گرتووە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: مەتەلیب ئەحمەدیان، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٤٢ساڵانی خەڵكی شاری بانە کە ماوەی ١٥ـهەمین ساڵی سزای ٣٠ساڵەی بەندکردنی لە بەندیخانەی ئێڤین بەڕێ دەکات، بەهۆی دژایەتیکردنی دادستانی تاران لەگەڵ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕیاری دەرمانکردنی، مانی لە خواردن گرتووە.

ناوبراو دۆخی تەندروستیی جێگیر نییە و بەزووترینکات پێویستی بە نەشتەرگەرییە، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە ڕەت کراوەتەوە کە بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت بۆیە ناوبراو بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین مانی لە خواردن گرتووە.

شایانی باسە کە ناوبراو بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سزای ٣٠ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و ماوەیەکی زۆر لە ژووری تاکەکەسیدا بووە و بەشێوەیەکی گشتی بەردەوام لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردا بووە.