
خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی خەڵكی شنۆ بەناوەکانی “ڕەشید فەقێزادە، ئومید ئیبراهیمی و یاسر شەریفیان” لەلایەن چەکدارەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” نیوەشەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، ١٦ و ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر سێ گوندی سەربە شاری شاری شنۆ و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، ڕەشید فەقێزادە، خەڵكی گوندی تاچیناوێ، ئومید ئیبراهیمی، خەڵکی گوندی سەیداوێ و یاسر شەریفیان، خەڵكی گوندی پووشاوێـیا دەسبەسەر کردووە و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دۆخێکی ترسێنەریان لەو سێ گوندە دروست کردبوو و بەبێ هیچ بەڵگەیەک نیوەشەو هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییە سەرەڕای دەسبەسەرکردنیان ماڵەکانیشیان پشکنیون و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەتسدا نییە.