هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئەحمەد مامزادە، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەحمەد مامزادە، تەمەن ٦٥ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان پاش زیاتر لە ١ساڵ و ٦مانگ دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٣ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ئازاد کرا.

ناوبراو ڕۆژی شەممە، ٢٦ی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتایەوە سەر ماڵەکەی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەریان کرد و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە گواستیانەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ورمێ و پاش تەوابوونی لێکۆڵینەوە گواستیانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە.