خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی پەیڕەوی ئایینی یارسانی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بەناوی “شەهریار میرزایی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، شەهریار میرزایی، هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینیی یارسانی خەڵکی یەکێک لە ئاواییەکانی شارۆچکەی داڵاهۆ سەربە سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە داڵاهۆ، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر شەهریار میرزایی و دەسبەسەریان کردووە و هەروەها سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.