ڕۆژنامەوانێکی کورد بەهۆی سکاڵای نوێنەرێکی پەرلەمانی ڕێژیمەوە سزا درا

خۆڕاگری: زریان حوسێنزادە، ڕۆژنامەوانی خەڵكی بانە، بەهۆی سکاڵای ئەندام پەرلەمانێکی ڕێژیم، لەلایەن دادگاوە سزای پێبژاردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “١٧ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” زریان حوسێن‌زادە، ڕۆژنامەوان و بەڕێوەبەری کەناڵی هەواڵیی “بانە زووم” بەهۆی سکاڵای “موحسین بیگلەری” نوێنەری ڕێژیم لە شارەکانی سەقز و بانە، لە لایەن لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم لە پارێزگای سنە، سزای دارایی بەسەردا سەپێندرا.

دۆسیەی ناوبراو دوای ئەوە دروست بووە کە موحسین بیگلەری، نوێنەری سەقز و بانە لە ئەنجومەنی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست، سکاڵای لە دژی ئەو چالاکە تۆمار کرد، سەرەتا لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە بانە سزای بژاردنی ٦٦ ملیۆن تمەن سزای دارایی بەسەر “حوسێن‌زادە”ـدا سەپاندبوو، دواتر وێڕای تانەگرتنی پارێزەری دۆسیەکە، دادگای پێداچوونەوە هەمان سزای وەک خۆی هێشتەوە و بڕیارەکە چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*