خۆڕاگری: پێنج هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی ئەمیرمحەممەد ئەربابپووری (مێرمنداڵ) کامەران ئەکبەری، تیام (محەممەدڕەزا) کیانیمەنیش، ئەرسەلان قارەمانی و ئومێد ساعدی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لە دەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٨ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” لە درێژەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئێران و کوردستان، لانیکەم پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵكی لە شارەکانی کرماشان و دانیشتووی تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی گولـلەی جەنگی یان بەهۆی توندوتیژیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە گیانیان لەدەست داوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم وێڕای گوشارخستنە سەر بنەماڵەی قوربانییان بۆ شێواندنی ڕاستییەکان، داوای بڕە پارەیەکی زۆریان لە بەرامبەر ڕادەستکردنەوەی تەرمەکان کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی خۆڕاگری، لە شاری کرماشان منداڵێک بە ناسنامەی “ئەمیرمحەممەد ئەربابپووری”، خەڵکی گوندی “بەریوەی خواروو”ـی سەر بە شاری هەرسین، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانە گیانی لەدەست دا و ناوەندە سەرکوتکەرەکان گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی ئەو منداڵە تا ڕایبگەیەنن کە کوڕەکەیان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کوژراوە و تەرمەکەی دوای وەرگرتنی بڕی ٧٠٠ ملیۆن تمەن ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و لە ٢٠ی بەفرانباردا لە زێدی خۆی بە خاک سپێردراوە.
هەروەها لە پارێزگای کرماشان کامەران ئەکبەری، مامۆستای خەڵکی شاباد و تیام (محەممەدڕەزا) کیانیمەنیش، بوونە قوربانیی توندوتیژیی دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و کامەران ئەکبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراوە و تیام کیانیمەنیش بەهۆی هەڵمژینی گازی فرمێسکڕێژ کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکان تەقێندرابوو، گیانی لەدەست دا و تەرمی تیام ڕۆژی هەینی ٢٦ی بەفرانبار لە گۆڕستانی باغی فیردەوسی کرماشان بە خاک سپێردرا.
لە لایەکی دیکەوە، ناڕەزایەتییەکانی شاری تاران گیانلەدەستدانی چەند هاووڵاتییەکی کوردی لێکەوتەوە و ئەرسەلان قارەمانی، خەڵکی گوندی کانی چەرمووی سەر بە دیواندەرە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانبار لە تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا و بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەکەی، هێزە سەرکوتکەرەکان لە بەرانبەر ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئەرسەلان، بڕی ٥٠٠ ملیۆن تمەنیان وەرگرتووە و بەڵێن و واژۆیان لە بنەماڵەکەی وەرگرتووە تا ڕایبگەیەنن کە منداڵەکەیان بە دەستی “خۆپیشنادەران” کوژراوە.
هەروەها ئومێد ساعدی، خەڵکی سنە کە دانیشتووی تاران بووە، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست داوە، لە کاتێکدا پووریا ساعدی، برای ئومێد، لەسەر تەرمی براکەی وەستابوو، بە چەندین گولـلە کرایە ئامانج و بە سەختی بریندار بوو و دەستبەجێ دەسبەسەر کرا و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و تەندروستیی پووریا ساعدی لەبەر دەستدا نییە و دامەزراوە حکوومییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئومێد ساعدیش داوای ٧٠٠ ملیۆن تمەنیان لە بنەماڵەکەی کردووە، کە ئەمەش وەک نموونەیەکی ئاشکرای پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کەرامەتی قوربانییان لێک دەدرێتەوە.

Be the first to comment