هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی ورمێ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: سەییاد دەرویشی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی ورمێ و برای “فەرجاد” یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، سەییاد دەرویشی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی گوندی “بالوو”ـی سەربە شاری ورمێ و برای “فەرجاد” یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، کە نزیکەی ٣مانگە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی یەک ملیارد تمەن بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.

ناوبراو، ڕۆژی هەینی، ١٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ورمێ بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراو و پاش دەسبەسەرکردنی، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپێنچینەوە گوازرایەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ.