
بەڕێزان؛ ئەندامانی یەکێتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان!
خوێندکارانی بەهەڵوێست و خەباتگێر!
لە خەباتی رزگاری خوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە زۆر قۆناغی جیاوازەوە خوێندکارانی کورد پێشەنگایەتی ئەو خەباتە نەتەوەیەیان کردووە و زۆرن ئەو خوێندکارە کوردانەی کە دوای بەجێهێشتنی زانکۆ سەنگەری خەبات و بەرخۆدانیان بە زانست و ئازایەتی خۆیان ئاوەدان کردوەتەوە و وێڕای برەودانی زانستی بە سەنگەری پێشمەرگانە، لەم پێناوەدا بە سەخاوەتەوە گیانی پاکی خۆیان پێشکێش بە نیشتمانی خۆشەویستمان کردووە.
شەهید “سمایل شەریفزادە”، یەکێک لەو خوێندکارە زانا و ئازا و دەروەستانەیە کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاورێیانی دوورگەی ئارامی دیکتاتۆری پاشایەتیان شڵەقاند و مێژوویەکی زێڕینیان لە قارەمانەتی و خەباتی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کرد.
لە ئێستادا خوێندکارانی کورد سەرەڕای درێژەدانی ئەم مێژووە پڕ لە شانازییە، بە دیاری کردنی ١٢ی بانەمەر ڕۆژی شەهید کرانی شەهید سمایل شەریفزادە، وەک ڕۆژی “خوێندکاری کورد”، هەم بۆ ڕێز گرتن و هەمیش بۆ بەردەوامی خەبات لەم سەنگەرەدا، دوو چەمکی خەباتی زانستی و تێکۆشانی پێشمەرگانەیان پێک گرێداوەتەوە.
ئێمە لە ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی و بەرز ڕاگرتنی ئەو یادە مەزنە سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی کوردستان و ڕێز دەگرین لەو خوێندکارانەی کە هەر ئێستا لە زانکۆکاندا بە هزر و بیری فرەوانیانەوە پەرە بە نیشتمان پەروەرەی و شۆناسخوازی کۆمەڵگا دەدەن بەتایبەت ئەوانەی لە زیندانە تاریکەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دا بە خۆڕاگری خۆیان وانەی بەرخودان و بەردەوامی هەتا گەیشتن بە ئازادی دەڵێنەوە.
بەرز و بەڕێز بێت ١٢ی بانەمەڕ ڕۆژی خوێندکاری کورد
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ی کوردی