دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵكی بۆکان لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئیبراهیم مەردانی، هاووڵاتیی خەڵكی بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەهۆی لەبەرکردنی جلی کوردی دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئیبراهیم مەردانی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری بۆکان، بەهۆی ئەوەیکە بۆخۆی و خەڵكی بەشداربوونی زەماوەندی کوڕەکەی جلی کوردیان خاکی کوردییان لەبەر کردبوو، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ناوبراو و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائیستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.