چەکدارانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە بانە ژن و مێردێکی ڕفاند

خۆڕاگری: ژن و مێردێکی خەڵکی بانە بەناوەکانی “باست عەبدپەنا و سەحەر فەرەیدوونی” لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران ڕفێندراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، باست عەبدپەنا و سەحەر فەرەیدوونی هاوسەری، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سپای تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتەوە سەر ماڵیان و دەسبەسەر و ڕفاندوویانن.

 بنەماڵەی ئەو ژن و مێردە لەکاتی ڕفاندنیانەوە تائێستا بەردەوام خەریکی بە دواداچوونن بۆ ئەوەی زانیارییەکیان دەست بکەوێ و سەردانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییان لە بانە کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ناوەندێکی پێوەندەیداری ڕێژیم لەو شارە وڵامی ئەو بنەماڵەیەی نەداوەتەوە و تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری ڕفاندن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.