ژمارەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی خەڵکی شنۆ بۆ ٨کەس بەرز بۆتەوە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شنۆ بەناوەکانی “سامی خزری و مەسعوود خزری” لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کران و بەوەش ژمارەی دەسبەسەرکراوان گەیشتۆتە ٨ کەس.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ۲٦ی ڕەشەمەی ۱٤۰۳ی هەتاوی، سامی خزری و مەسعوود خزری، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “شاوانە”ـی سەربە شاری شنۆ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و تائێستا ژمارەی دەسبەسەرکراوانی شنۆ گەیشتووەتە ٨کەس.
ئەو دوو هاووڵاتییە لە پاش دەسبەسەرکردنیانەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکانشیان بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە خۆیان بێدەنگ کردووە.