وەرزشوانێکی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: عەبدولقادر خونسەرد، وەرزشوانی خەڵکی سەقز، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٢ساڵ و شەش مانگ بەندکران و ساڵێک دوورخستەوەی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی شەممە، ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند:عەبدولقادر خونسەرد، وەرزشوانی خەڵکی شاری سەقز و خاوەنی دوو میداڵی کێبەرکێی جیهانی “مووی تای”، بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە بە تۆمەتی چالاکی تەبلیغی بەدژی کۆماری ئیسلامی و بێڕێزی کردن بە خامنەیی، سەرجەم سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها سزای ساڵێک دوورخستنە بۆ شاری “سووسەنگرد”ـی سەربە پارێزگای خووزستانیشی بەسەردا سەپێندراوە.

عەبدولقادر خونسەرد کە ئێستا لەبەر پەروەندەیەکی دیکە لە بەندیخانەی سەقز ماوەی بەندکردنەکەی تێدەپەڕینێ کە لەو دواییانەدا بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژینا بە کردنەوەی پەروەندەیەکی نوێ و بەسەردا سەپاندنی سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکردن ڕووبەڕوو بووەتەوە و بە سەریدا سەپێندراوە.