خۆڕاگری: پەروین ئەدوایی، چالاکوانی ژنانی خەڵکی مەریوان پاش یەکساڵ بەندکردن لە بەندیخانە ئازاد کرا.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، پەروین ئەدوایی چالاکوانی بواری ژنان و منداڵانی خەڵكی شاری مەریوان کە پێشتر سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، پاش تێپەڕاندنی ١٠مانگ لە سزاکەی بەر لێبوردەی گشتی کەوت و لە بەندیخانەی ناوندیی شاری سنە ئازاد کراوە.
ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەکساڵ بەندکردنەکەی خۆی بە بەندیخانەی سنە ناساند و پاش تێپەڕاندنی ١٠مانگ بەندکردن بەر لێبوردەی گشتی کەوت و ئازاد کرا و هەروەها ڕۆژی ٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویش جارێکی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە مەریوان دەسبەسەر کراو و لە مانگی خەزەڵوەری هەمانساڵ بەشێوەی کاتیی و بەدانانی بارمتە ئازاد کرا.