دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا لە هەمەدان لەلایەن ڕێژیمەوە لە سێدارە درا

خۆڕاگری: سزای لەسێدارەدانی “میلاد زوهرەوەند”، یەکێک لە دسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، بە شێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کراوە.

بەپیی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، میلاد زوهرەوەند، خەڵکی شاری مەلایەر و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژینا لە هەمەدان، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە بەندیخانەی ئەو شارە بەشێوەی نهێنی لە سێدارە دراوە و ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران ڕێگری لەوە کردووە کە تەرمی ڕادەستی بنەماڵەکەی بکرێتەوە و گوتوویەتی؛ بە مەرجێک تەرمەکەیان پێ دەدرێتەوە کە ڕێو‌ڕەسمی بە خاکسپاردنی لە شاری مەلایەر بەڕێوە نەچێ.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران بەدژکردەوە بە لەسێدارەدانی میلاد زوهرەوەند، داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کردووە کە سەبارەت بە لەسێدارەدانی ناوبراو کاردانەوەی جیددییان هەبێ نابێ لە بەرانبەر کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیدا بێدەنگ بن، بێدەنگی کۆمەڵگەی جیهانی دەبێ هۆی ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی لە کردەوەی کوشتن و ئێعدامکردن بەردەوام بێ.

جێی ئاماژەیە کە، مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، بە جەختكردنەوە لە سەر ئەوەیکە کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێچووی ئێعدامەکان بۆ کۆماری ئیسلامی زیاد دەکات، هۆشداریی دا گوتی:  ئەگەر لە سێدارەدانی میلاد زوهرەوەند  لەگەڵ کاردانەوەی توندی خەڵک و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرەوڕوو نەبێتەوە، خۆپیشاندەرە دەسبەسەرکراوەکانی دیکە کە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدان مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.