خۆڕاگری: چوار هاووڵاتیی خەڵکی سەوڵاوا بەناوەکانی جەعفەر ئەردەڵان، حەمید ساڵحینژاد، محەممەد کەریمی و مێرمنداڵێکیش بەناوی سینا ئەسەدیحەکیم، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، سینا ئەسەدیحەکیم، مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵان، حەمید ساڵحینژاد، محەممەد کەریمی و جەعفەر ئەردەڵان، هاووڵاتیانی خەڵکی گوندی “دێوزناو”ـی سەربە شاری سەوڵاوا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون.
هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، بە شێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژیی و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزای و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.