شێرکۆ حیجازی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٦ساڵ و ١مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لێژنەی تۆپی پێی سەقز کە لە ساڵیادی کوژرانی ژینا دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای ٦ ساڵ و ١ مانگ بەندکرنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لێژنەی تۆپی پێی شاری سەقز و یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە سەرۆکایەتی قازی “جەواد مستەفایی” بەتۆمەتی بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ بەدژی ئاسایشی نیشتمانی، سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردن، بەتۆمەتی ئەندامبوون لە حیزب و ڕێکخراوە دژبەرەکانی ڕێژیم، سزای ٣١ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکردن و سەرجەم سزای ٦ ساڵ و ١ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

یەکێک لە سزایانەی کە بەسەر شێرکۆ حیجازیدا سەپێندراوە ئەوەیەکە ژیاننامەی یەکێک لە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بنووسێتەوە کە لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژینادا کوژراوە و لە کتێبی “مەعنونە” بڵاوی بکاتەوە و هەروەها بەشێوەی وتاری دەنگی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بڵاوی بکاتەوە.

شایانی باسە کە، شێرکۆ حیجازی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانانی ئەمساڵ، لە شوێنی کارەکەی لەشاری سەقز بەشێوەیەکی دڕەندانە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەسبەسەر کرا و دواتر ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ئەمساڵ، دوای تێپەڕکردنی زیاتر لە ٣مانگ ڕاگیران، بەدانانی بارمتەی دوو ملیارد و چوارسەد ملیۆن تمەنی تا کاتی دادگاییکردنەکەی بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە ئازاد کرا.