کۆماری ئیسلامی سزای بەندکردنی بەسەر ژنە چالاکوانێکی خەڵکی سەقزدا سەپاند

خۆڕاگری: سەمیرا ئەحمەدی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەقز لە ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەرکرابوو، دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی سزای ٣ ساڵ بەندکردن و قەدەغەی چوونە دەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپاند.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەمیرا ئەحمەدی، یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتی “جەواد مستەفایی” بەتۆمەتی بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ بەدژی ئاسایشی گشتی، سزای ٣ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی یاسای سزاکان، ڕۆژانی ڕابردوو کە ناوبراو دەسبەسەرکرابوو، هەژمار دەکرێت و بێجگە لە ٣ ساڵ بەندکردن، سزای ٢ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێرانیشی بەسەردا داسەپێندراوە و هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەرمانانی ئەمساڵ، سەمیرا ئەحمەدی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سەقز بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم لە شاری سنە.

شایانی باسە کە، ناوبراو دوای تێپەڕکردنی مانگێک ٤ ڕۆژ دەسبەسەربوون، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەر ئەمساڵ بەدانانی بارمتەی ٩٠٠ ملیۆن تمەنی بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی  لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازادکرا.