خاڵی شەهید ژینا ئەمینی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: سەفا عائیلی، خاڵی شەهید ژینا ئەمینی، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای ٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەفا عائیلی، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و خاڵی “ژینا” لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتی قازی “جەواد مستەفایی”، بەتۆمەتی بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ بەدژی ئاسایشی گشتی، سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردن، بەتۆمەتی چالاکی تەبلیغی بەدژی حکوومەت سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکردن و بەتۆمەتی بێڕێزیکردن کردن بە خامنەیی، سزای ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردن و سەرجەم سزای ٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرنی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی بەپێی مادەی ٧ی یاسای سزای بەندکردن، یەک لە سێی قورسترین سزاکان بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵپەسێندراوە، بەڵام ئەو فەرمانە پەیوەندی هەیە بە هەڵسوکەوت نەکردنی ناوبراو لەگەڵ دەسبەسەرکراوانی دیکەی ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی و ناساندنی مانگانەی خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعات و هەروەها تێپەڕکردنی سێ خولی پەروەردە، ئەخلاق و ئایینی.

لە بەشێکی دیکەی ئەو سزایە، سەفا عائیلی بە نووسینی ژیاننامەی یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا کوژراوە و هەڵگرتنەوەی تاکەکەسی خۆی لە کتێبی “مەعنونە” و پێشکەشکردنی بەشێوەی وتار بە جێبەجێکاری سزاکان و بڵاوکردنەوەی دەنگی لە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەناوبانگەکانی شاری سەقز سزا دراوە.

شایانی باسە کە، سەفا عائیلی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خەرمانانی ئەمساڵ، لە درێژەی هێرشی هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی و لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژی دەسبەسەر کرا و لە ئاکامدا ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ئەمساڵ دوای تێپەڕکردنی ٤٢ ڕۆژ دەسبەسەربوون بەدانانی بارمتەی ١ملیارد و ٢٠٠ملیۆن تمەن بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.