هاووڵاتییەکی خەڵکی سەردەشت ماوەی ١٠ڕۆژە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی سەردەشت و دانیشتووی شاری مەهاباد بەناوی “حوسێن ئیبراهیمی” زیاتر لە ١٠ڕۆژە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تائیستا چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری مەهاباد زیاتر لە ١٠ڕۆژە حوسێن ئیبراهیمی، هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت و دانیشتووی مەهابادیان دەسبەسەر کردووە و تائێستا هیچ چارەنووسی ناڕوونە و هۆکاری دەسبەسەرکردنیشی باس نەکراوە.

هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پاش دەسبەسەرکردنی ناوبراو گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و لەسەر چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی هیچ ئاکامێکی نەبووە و ناوەندە سەرکوتکەر و قەزاییەکانی ڕێژیمی ئێرانیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی ئەو بنەماڵەیان نەداوەتەوە.

جێی ئاماژەیە کە، حوسێن ئیبراهیمی ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکیا نادیار و تائێستا باسیان لەوە نەکردووە کە بە چ هۆکارێک دەسبەسەریان کردووە.