دەسبەسەرکردن و ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە بەناوی “ئیبراهیم ڕەسووڵپوور” ماوەی دوو حەوتوو دەبێ لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئیبراهیم ڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی خەڵکی شاری نەغەدە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها پاش تێپەڕبوونی نزیکەی ٢حەوتوو تائێستا چارەنووسی ناڕوونە و هەواڵی دەسبەسەرکردنەکەی بەمیدیایی نەکراوە.

لەماوەی ئەو دوو حەوتووەدا کە ناوبراو دەسبەسەرکراوە بنەماڵەکەی بەردەوام لە هەوڵ و بەدواداچووندان و تائێستا لەسەر چارەنووسی کوڕيکەیان هیچ زانیارییەکیان دەست نەکەوتووە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان نەداونەتەوە.

شایانی باسە کە، تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵی هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی ئیبراهیم ڕەسووڵپوور لە بەردەستدا نییە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەکەی.