ناڕوونی چارەنووسی وەرزشوانێکی خەڵکی مەریوان پاش حەفتەیەک دەسبەسەربوون

خۆڕاگری: وەرزشوانێکی خەڵکی مەریوان بەناوی “جەسیم حاسڵی” ماوەی یەک حەفتەیە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: جەسیم حاسڵی، سەرۆکی ئەنجوومەنی “مووی تای”ـی مەریوان و خەڵکی گوندی “کەڕئاوا”ـی سەربە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان، دوای ئەوەیکە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامییەوە بانگ کرا، سەردانی ئەو ناوەندەی کردووە و هەرلەوێ دەسبەجێ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو ناوەندە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەی یەک حەفتە لە دەسبەسەرکردنی ناوبراو، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر چارەنووس، هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانیش لەو بارەیەوە لە وڵامدانەوە بە بنەماڵەکەی خۆ دەبوێرن و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.