کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەر مامۆستایەکی ئایینی کورددا سەپاند

خۆڕاگری: محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینیی خەڵکی بۆکان کە لە کاتی شۆڕشی ژینا دەسبەسەر کرا، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی شەممە، ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: مامۆستا محەممەد خزرنەژاد، مامۆستای ئایینیی تەمەن ٤٥ ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی ئەو شارە، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی “ڕەزا نەجەفزادە” بەتۆمەتی “فساد فی الارض” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە و بە تۆمەتی دژایەتیی حکوومەت، سزای ١٥ ساڵ بەندکردن و بەتۆمەتی پڕۆپاگەندە دژی نیزامی ڕێژیم سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

مامۆستا محەممەد، زیاتر لە یەکساڵە لە بەندیخانە دەسبەسەرە و مافی هەبوونی پارێزەری نەبووە و ئەو سزایەی کە بەسەریدا سەپێندراوە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران و لەو کاتەدا قازی ئامادە نەبووە مافی بەرگری بە ناوبراو بدات.

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لەکاتی شۆڕشی ژیندا بە بەکارهێنانی توندوتیژی و هاوکات لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی “یاسر” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە ماڵی خۆی دەسبەسەر کران و ناوبراو بۆ ماوەی ٣مان و ١٠ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ لە ژێر ئەشکەنجەی قورسدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ و دژی خۆی کراوە، بەڵام کورەکەی پاش ماوەیەک ئازاد کراوە.